Genesis 6:13-22

13ئیتر خودا بە نوحی فەرموو: «من کۆتایی بە بوونی هەموو ئادەمیزاد دەهێنم، چونکە بەهۆی ئەوانەوە زەوی پڕ بووە لە توندوتیژی. وا لەگەڵ زەوی لەناویان دەبەم. 14کەشتییەک بۆ خۆت لە تەختەی دار سەروو دروستبکە و بیکە بە لانە و بە قیر دیوی ناوەوە و دەرەوەی سواخ بدە. 15بەم شێوەیەش دروستی بکە: درێژییەکەی سێ سەد باڵ و پانییەکەی پەنجا باڵ و بەرزییەکەی سی باڵ بێت.
درێژی کەشتییەکە نزیکەی 140 مەتر، پانییەکەی 23 و بەرزییەکەی 14 مەتر بوو.‏
16لە بەشی سەرەوەی کەشتییەکە بە ئەندازەی باڵێک
باڵێک: نزیکەی نێو مەتر.‏
بۆشایی بەجێ بهێڵە، ئینجا سەربانێکی بۆ دروست بکە. دەرگای کەشتییەکەش لەتەنیشتەوە دابنێ. با سێ نهۆم بێت، خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە.
17من وا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو ژیانێک لەژێر ئاسمان، هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە. هەرچییەک لەسەر زەوییە لەناودەچێت. 18بەڵام من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆ دەچەسپێنم. تۆ دەچیتە ناو کەشتییەکەوە، خۆت و کوڕەکانت و ژنەکەت و بووکەکانیشت لەگەڵت. 19لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، نێر و مێ، جووتێک لەگەڵ خۆت دەهێنیتە ناو کەشتییەکەوە، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. 20جووتێک لە هەموو جۆرەکانی باڵندە و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکانی زەوی دێنە لات، بۆ ئەوەی بە زیندوویی بمێننەوە. 21تۆش بۆ خۆت لە هەموو جۆرە خواردنێکی گونجاو ببە و لەلای خۆت کۆی بکەرەوە، تاکو ببێتە خواردنی خۆت و ئەوان.»

22جا نوح هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێ کردبوو، ئەنجامی دا.

Copyright information for CkbKSS